فیلمی سینه‌مایی "سرته له گه‌ڵ با" یه‌كه‌مین فیلمی بڵندی سینه‌مایی ده‌رهێنه‌ری لاوی سینه‌ما شه‌هرام عه‌لیدی وه‌كوو ته‌نیا فیلمی كوردی، ئه‌مرۆ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كانی 2009 له وڵاتی فه‌ره‌نسا نمایش ده‌كرێت.به پێی راپۆڕتی تایبه‌تی به‌شی هونه‌ری ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێر له راگه‌یاندنی گشتی فیلمی سینه‌مایی "سرته له گه‌ڵ با" له شاری تاران، فیلمی سینه‌مایی "زمزمه با باد" واته "سرته له گه‌ڵ با"، له ده‌رهێنانی شه‌هرام عه‌لیدی كه به‌رهه‌می وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه وه‌كوو ته‌نیا فیلمی سینه‌مایی به زمانی كوردی، ئه‌مڕۆ به ئاماده‌بوونی ده‌رهێنه‌ر، له به‌شی كێبڕكێی 48مین خولی به‌شی هه‌فته‌ی ره‌خنه‌گرانی شه‌ست و دووه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كانی 2009 نمایش ده‌كرێت و پاشان كاتژمێر 30/5 به كاتی ئه‌ورووپا بۆ رۆژنامه‌كان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی دنیا نمایش ده‌كرێت، پاشانیش به ئاماده‌بوونی شه‌هرام عه‌لیدی و هه‌روه‌ها عه‌باس غه‌زالی نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسی له‌سه‌ر ئه‌م فیلمه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
فیلمی سینه‌مایی "سرته له گه‌ڵ با" وه‌كوو ته‌نیا فیلمی كوردی له فیستیڤاڵی كاندا نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كورد ده‌كات و جگه له‌م نمایشانه، رۆژی چوارشه‌ممه 20ی مای كاتژمێر 2ی دوانیوه‌ڕۆ به كاتی ئه‌ورووپا و هه‌روه‌ها رۆژی پێنجشه‌ممه كاتژمێر 4ی دوانیوه‌ڕۆ، له 62مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كانی 2009 نمایش ده‌كرێت.
به له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌وه‌ی كه فیلمی سینه‌مایی "سرته له گه‌ڵ با"، یه‌كه‌مین فیلمی بڵندی سینه‌مایی هونه‌رمه‌ند شه‌هرام عه‌لیدییه له به‌شی كێبڕكێی چل و هه‌شته‌مین خولی به‌شی هه‌فته‌ی ره‌خنه‌گرانی شه‌ست و دووه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كانی 2009 له وڵاتی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ 6 فیلمی دیكه بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات له ركابه‌ریدا ده‌بێت، جگه له‌م به‌شه له فیستیڤاڵی كانی 2009 هه‌روه‌ها بۆ وه‌رگرتنی كامێرای زێڕین ركابه‌ری ده‌كات. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه له ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه شه‌هرام عه‌لیدی بۆ به‌شداری له رێوڕه‌سمی تێپه‌ڕبوون و چوونه سه‌ر مافووره‌ی سووری فیستیڤاڵی كان، بانگهێشت كراوه. ئه‌م رێوڕه‌سمه كاتژمێر 7ی ئێوارێ ئه‌مڕۆ به كاتی ئه‌ورووپا له شاری كه‌نار ده‌ریایی كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
جێی ئاماژه پێدانه خاتوو گوڵاڵه خوسره‌وی كوردستانی هاوسه‌ری هونه‌رمه‌ند شه‌هرام عه‌لیدی و یه‌كێك له ستافی ئاماده‌كردنی فیلمی سینه‌مایی "سرته له گه‌ڵ با" به جلوبه‌رگی رازاوه‌ی كوردستان له رێوڕه‌سمی تێپه‌ڕبوون و چوونه سه‌ر مافووره‌ی سووری فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كان له‌به‌رچاوی كامێراكانی دنیا، شه‌هرام عه‌لیدی هاوڕێیه‌تی ده‌كات.
ئه‌مساڵ بۆ به‌شی كێبڕكێی چل و هه‌شته‌مین خولی به‌شی هه‌فته‌ی ره‌خنه‌گرانی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كانی 2009 حه‌وت فیلمی بڵندی سینه‌مایی له ده‌رهێنه‌رانی سه‌رتاسه‌ری دونیا هه‌ڵبژێردراون، كه بریتین له: فیلمی "خه‌ڵكی ئاسایی" له ده‌رهێنانی "دلایمیر پرسیك" به‌رهه‌می سێربستان و فه‌ره‌نسا و سویسرا، فیلمی "خوات له گه‌ڵ گری" له ده‌رهێنانی "نه‌سیم ئامائۆچه" به‌رهه‌می فه‌ره‌نسا، فیلمی "ناوحیه‌ی كه‌سانی ونبوو" له ده‌رهێنانی "كارۆلین ئسترۆب" به‌رهه‌می به‌لژیكا، فیلمی "ئاڵتی پانۆ" له ده‌رهێنانی "پیتێر برۆسن" و "جسیكا و دۆرس" به‌رهه‌می به‌لژیكا و ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا، فیلمی "هیاچۆ" له ده‌رهێنانی "ئاڵخاندۆر فێرناندز ئاڵمندراس" له وڵاتی شیلی، فیلمی "رۆژێكی خراپ بۆ ماسی گرتن" له ده‌رهێنانی "ئاڵوارۆ بێرچنێر" به‌رهه‌می ئۆروگۆئه و ئیسپانیا، فیلمی سینه‌مایی "سرته له گه‌ڵ با" له ده‌رهێنانی شه‌هرام عه‌لیدی به‌رهه‌می وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
فیلمی سینه‌مایی "سرته له گه‌ڵ با" Sirta La Gal Ba، له ده‌رهێنانی شه‌هرام عه‌لیدی و له وێنه‌گرتنی هونه‌رمه‌ند تووره‌ج ئه‌سڵانی له وه‌رزی پاییزی 2008 له ماوه‌ی دوو مانگدا له شاره‌كانی رواندز و سۆران له هه‌رێمی كوردستان وێنه‌ی گیراوه، زۆربه‌ی ستافی ته‌كنیكی ئه‌م فیلمه له هونه‌رمه‌ندانی پیشه‌یی سینه‌مای ئێران، له‌وانه: هایده سه‌فی یاری، محه‌مه‌د ره‌زا دڵپاك و ئه‌سغه‌ر ئابگوون هه‌ڵبژێردراون و تێكه‌ڵاوێك له ئه‌كته‌ره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا و هه‌وره‌ها خانمه ئه‌كته‌ری ناوداری سینه‌مای ئێران خاتوو مریه‌م بووبانی تیایدا رۆڵیان بینیوه.
ئه‌م فیلمه به شێوازی سوپێر 35 میلی مه‌تری و به شێوه‌ی ئیسكۆپ وێنه‌ی گیراوه و بۆ یه‌كه‌مین جاره له ئێران كه له نیگاتیڤی Kodak vision 3 كه‌ڵك وه‌رده‌گیرێت و هه‌روه‌ها ده‌نگدانانی ئه‌و فیلمه به شێوه‌ی داڵبی ساراوند ئه‌نجام دراوه.
فیلمی سینه‌مایی "سرته له گه‌ڵ با" "Whisper With the Wind" ناوه‌رۆكێكی مرۆڤانه‌ی هه‌یه و له میانه‌ی جه‌نگ و توندوتیژی سه‌دام له دژی میلله‌تی كورد، هه‌مووان چاوڕوانی له دایك بوونی كۆرپه‌یه‌كن. له‌م نێوانه‌دا پیاوێكی نامه‌به‌ر به ته‌سجلێكه‌وه له نێوان ئه‌و كوردانه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه به هۆی كوێستانی بوونی ناوچه‌كه و شه‌ڕ دژی رژیمی به‌عس له یه‌كتری دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه و ئه‌و به‌م هاتووچۆیه و به ته‌سجیله‌كه‌یه‌وه، په‌یامی ئه‌وانه بۆ یه‌كتری ده‌بات و له نێوان رێگاشدا ئه‌و وێرانییانه ده‌بینێت كه له لایه‌ن رژیمی به‌عسه‌وه به سه‌ر خه‌ڵكی كورددا هاتووه. هونه‌رمه‌ندان و ستافی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ی فیلمی "سرته له گه‌ڵ با" بریتین له:نووسه‌ری سیناریۆ و ده‌رهێنه‌ر: شه‌هرام عه‌لیدی.به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن: تووره‌ج ئه‌سڵانی.به‌رنامه‌داڕێژ، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌مهێنان و به‌رپرسی پلان: ساسان سالوور.مۆنتاژ: هایده سه‌فی یاری.ده‌نگهه‌ڵگر: ئه‌سغه‌ر ئابگوون.ده‌نگدانان، مونتاژ و تێكه‌ڵاوكردنی ده‌نگ: محه‌مه‌د ره‌زا دڵپاك.نووسه‌ری دیالۆگ: جه‌بار جه‌ماڵ غه‌ریب.هه‌ڵبژاردنی موزیك: ره‌زا دڵپاك و شه‌هرام عه‌لیدی.مۆنتاژی ده‌نگ و پاڵاوتنی دیالۆگ: ره‌زا نه‌ریمانی زاده.دیزاینه‌ری سه‌حنه و جلوبه‌رگ (ده‌رهێنانی هونه‌ری): شه‌هرام عه‌لیدی.ئه‌كته‌ره‌كان: عومه‌ر چاوشین، مریه‌م بووبانی، موحه‌ره‌م حوسێن قادر، وه‌لید مه‌عرووف، فاخیر محه‌مه‌د بارزانی، بێستوون عه‌لی قادر، جه‌لیل عه‌زیز حوسێن.مونشی سه‌حنه: مه‌سعوود سیحه‌ت.گروپی ده‌رهێنان: فاخیر محه‌مه‌د بارزانی، هوشیار زێرۆ ئه‌حمه‌د، عوسمان محه‌مه‌دی، مه‌سعوود سیحه‌ت.فۆتۆگرافه‌ر: جه‌واد جه‌لالی.یاریده‌ده‌رانی به‌رهه‌م: عیسا مه‌مه‌د خدر، زانا ته‌قی ا‌لدین.یاریده‌ده‌ری یه‌كه‌می وێنه‌گر: مێهدی ئه‌سڵانی.گروپی وێنه‌گرتن: سه‌مه‌د حوسێن زاده، ره‌زا گوڵ كه‌ره‌می، محه‌مه‌د داوته‌ڵه‌ب، سیروان گێلی.یاریده‌ده‌ری مۆنتاژ: شه‌بنه‌م حوسێنی.به‌رێوه‌به‌ری سه‌حنه: عه‌لیڕه‌زا ئارایش.دیزاینه‌ر و به‌رێوه‌به‌ری میكیاژ: ره‌سووڵ سه‌ید عه‌ڕه‌بی.گروپی سه‌حنه و جلوبه‌رگ: سه‌لاح موته‌لیب، سۆران ئیبراهیم.وه‌رگێڕ: گوڵاڵه خوسره‌وی كوردستانی.به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی: مه‌نسوور جیهانی و مه‌نووچێهر جیهانی. به‌رهه‌مهێنه‌ر: وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
pna
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق