سینه‌ماكاری كورد ره‌حیم زه‌بیحی كه ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه له هه‌رێمی كوردستانه سێ فیلمی به‌رهه‌م هێناوه، له‌وانه‌ش فیلمی "له‌وته‌ی گرِ هه‌یه ده‌سووتێم" كه له ساڵوه‌گه‌ڕی كاره‌ساتی ئه‌نفال به‌رهه‌مهاتووه.به پێی راپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتی فیلمی "له‌وته‌ی گرِ هه‌یه ده‌سووتێم"، هونه‌رمه‌ندی سینه‌ماكاری لاوی كورد ره‌حیم زه‌بیحی دوای به‌رهه‌مهێنانی دوو فیلمی سینه‌مایی، "ئه‌و رۆژه‌ی بابا نوئێل گریا" كه باسی كاریگه‌ری كاره‌ساتی دڵته‌زێنی هه‌ڵه‌بجه ده‌كات، هه‌روه‌ها فیلمی دیكۆمێنتی "ئه‌و دار هه‌ناره‌ی به با نه‌خنكا" له ساڵرِۆژی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه له فیستیڤاڵی ساڵیادی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه و هاوكات له چوارده كه‌ناڵی ئاسمانی كوردی و عه‌ره‌بی به‌رده‌وام نمایش كراوه و بووه جێی سه‌رنجی بینه‌ران، له ساڵوه‌گه‌ڕی كاره‌ساتی ئه‌نفال، فیلمی "له‌وته‌ی گرِ هه‌یه ده‌سووتێم" له ناوچه‌ی گه‌رمیان به‌رهه‌مهێنا.
له‌م باره‌یه‌وه هونه‌رمه‌ندی ده‌رهێنه‌ری سینه‌ما ره‌حیم زه‌بیحی له لێدوانێكی تایبه‌ت گوتی: "وه‌كوو سینه‌ماكارێكی سه‌ربه‌خۆ به‌ره‌و ناوچه‌ی گه‌رمیان به‌رِێ كه‌وتم تا وه‌كوو ئه‌رك و وه‌زیفه‌ی خۆم سه‌باره‌ت به (182000) ئه‌نفال كراوی كورد و كه‌س و كاره‌كانیان جێ به‌جێ بكه‌م. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمی "له‌وته‌ی گرِ هه‌یه ده‌سووتێم"، به هاتنی ستافێكی پرۆفیشناڵ له وڵاتی ئێرانه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها هاوكاری مه‌عنه‌وی كه‌س و كاری ئه‌نفال كراوه‌كان سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م فیلمه بووم كه له رۆژی 14/4/2009 له ساڵیادی كاره‌ساتی ئه‌نفال له میدیاكان و هه‌روه‌ها له شاری چه‌مچه‌ماڵ و له چه‌ند شارێكی دیكه له فیستیڤاڵ و بۆنه و یاده‌كانی ئه‌نفال نمایش كرا."
هونه‌رمه‌ند ره‌حیم زه‌بیحی كه سینه‌ماكارێكی سه‌ربه‌خۆیه و تا ئێستا به‌شداری له چه‌ندین فیستیڤاڵی گرینگی سینه‌مایی له ئاستی جیهان و ئێران كردووه، ئه‌وده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه ئێمه وه‌ك كورد زۆر به كه‌می كارمان له سه‌ر جینۆسایدێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌نفال كردووه و ئه‌مه ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هونه‌رمه‌ندان و رِۆشنبیرانی ئه‌م میلله‌ته بوو، بۆیه پێی وایه و به‌رده‌وام له خۆی ده‌پرسێت چیمان كرد؟ ئه‌گه‌ر ئه‌نفال كراوه‌كانمان به موعجیزه‌یه‌ك زیندوو ببنه‌وه و بێنه‌وه كوردستان، ده‌توانن به نیگایه‌كی سێ چركه‌یی شه‌رمه‌زارمان بكه‌ن. هه‌وڵی من و ستافه‌كه‌م ده‌رباز بوونه له‌و شه‌رمه‌زارییه؛ یه‌كه‌م وه‌ك مرۆڤ و دووه‌م وه‌كسینه‌ماكار.
فیلمی له‌وته‌ی گرِ هه‌یه ده‌سووتێم باس له كاره‌ساته‌كه و كاریگه‌ری كاره‌ساته‌كه له‌سه‌ر پاشماوه‌كانی ئه‌م شاڵاوه ده‌كات كه به ناوی دینه‌وه دژی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام درا.
فیلمی "له‌وته‌ی گرِ هه‌یه ده‌سووتێم" له فۆرمه‌تی فیلمی دیجیتاڵ و ماوه‌كه‌ی 26 خوله‌كه، له ساڵی 2009 له هه‌رێمی كوردستان هاتۆته به‌رهه‌م. هونه‌رمه‌ندان و ستافی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ی فیلمی "له‌وته‌ی گرِ هه‌یه ده‌سووتێم" بریتین له:
سیناریۆ و ده‌رهێنان: ره‌حیم زه‌بیحی.رۆڵبینین: شاعیر شێركۆ بێكه‌س، عاسی مسته‌فا، سیروان مسته‌فا، سه‌عوود سه‌نگاوی، شوان ره‌حیم، رِێبوار مسته‌فا، ئاریان فازل، هاوار سابیر.وێنه‌گر: محه‌مه‌د فه‌كووری.ده‌نگهه‌ڵگر: عابدین عه‌لی وه‌یسی.یاریده‌دره‌ی كامێرا: عه‌لی ره‌زا هاروویان.یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر و به‌رنامه‌داڕشتن: بورهان ئه‌حمه‌دی. به‌رٍِێوه‌به‌ری به‌رهه‌م: دانا ره‌شید. مۆنتاژ: ره‌حیم زه‌بیحی.فۆتۆگرافه‌ر:سوله‌یمان مه‌حموودی، فه‌ریق فه‌ره‌ج مه‌حموود.به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی: مه‌نووچێهر جیهانی، مه‌نسوور جیهانی. به‌رهه‌مهێنه‌ر: ره‌حیم زه‌بیحی.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق