به‌همه‌ن قوبادی رایگه‌یاند "ده‌رهێنه‌ری كورته فیلم ده‌بێت ساڵی 12 فیلم ساز بكات، به كامێرا دیجێتاڵه‌كه‌ی خۆی رۆژی 200 فۆتۆی باش بگرێت و ده‌بێت كاری شێوه‌كاری بكات و ئه‌زموونی گرافیكی كۆمپیووته‌ریشی هه‌بێت".به پێی راپۆڕتی تایبه‌تی به‌شی هونه‌ری ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێر له شاری تاران، سینه‌ماكاری كورد به‌همه‌ن قوبادی وه‌كوو سینه‌ماكارێكی به‌ئه‌زموون و به‌توانا له شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی 100 چركه له شاری تاران بانگهێشت كرا و كۆڕێكی تایبه‌تی بۆ سازكرا بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ر ئه‌زموونه‌كانی خۆی بۆ سینه‌ماكاره لاوه‌كان بدوێت، له‌م دانیشتنه تایبه‌ته‌دا كه سینه‌ماكارانی لاو و ژماره‌یكی زۆر له هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ما تیایدا ئاماده‌بوون، له هۆڵی ژماره 5ی سینه‌ما ئازادی شاری تاران به‌ڕێوه‌چوو.
به‌همه‌ن قوبادی له سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌دا گوتی: راسته فیلمێكی بڵند به ئه‌ندازه‌ی چه‌ند كورته فیلم بۆ سینه‌ماكار ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی هه‌یه و كاتی ده‌گرێت، به‌ڵام كورته فیلمێك بێتوو پوخت و پاراو ساز بكرێت، وه‌كوو فیلمێكی بڵند ده‌توانێت جێی رامان و رێز بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: له 27مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی فه‌جر، دوو فیلمم بینی كه به گشتی ته‌واوی فیلمه‌كه‌م پێی خۆش نه‌بوو، به‌ڵام له میانه‌ی شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی 100 چركه، فیلم گه‌لێكم بینی كه سێكانسی زۆر به‌هێزی تێدابوو، ده‌توانم بڵێیم ده‌توانرێت بكرێته فیلمێكی بڵند و زۆریش ته‌واو بوو. هه‌ر به‌م هۆیه فیلمێكی 100 چركه‌ش ده‌توانێت به به‌رهه‌مێكی گه‌وره‌ی هونه‌ری و جێی شانازی ده‌ربێت.
ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "كاتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان" له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: سازكردنی كورته فیلم پرِۆڤه‌یه‌كی باشه بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له كات و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر بێتوو رۆژێك فیلمێكی بڵندی ساز كرد له خوله‌كه‌كانی ئه‌و فیلمه، فیلمێكی هه‌رمان ده‌ربێنێت. له فیلمی 100 چركه‌شدا سینه‌ماكار به‌وه خوو ده‌گرێت كه له فیلمه‌كه‌یدا ته‌نانه‌ت فریمێكی زیادی تێدا نه‌بێت.
قوبادی هه‌روه‌ها گوتیشی: فیلمی 100 چركه تێستێكی گونجاوه بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر، بێتوو سینه‌ماكار له‌م كاته‌دا بتوانێت فیلمێكی بێوێنه بخوڵقێنێت ده‌توانێت به فیلمی بڵند و نیوه‌بڵندیش بیربكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له فیلمه 100 چركه‌كه‌شی مامناوه‌ندی بێت، بێگومان له كاره بڵنده‌كانیشیدا زۆر سه‌ركه‌وتوو نابێت.
ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "نیوه مانگ" هه‌روه‌ها گوتی: ده‌رهێنه‌رێكی كورته فیلم ده‌بێت ساڵی 12 فیلم ساز بكات، به كامێرا دیجێتاڵه‌كه‌ی خۆی رۆژی 200 فۆتۆی باش بگرێت و هه‌موو شتێك له قه‌واره‌دا ببینێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ده‌رهێنه‌رێكی پێرفێشناڵ. له گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا ده‌بێت شێوه‌كاری بكات و ئه‌زموونی گرافیكی كۆمپیووته‌ریشی هه‌بێت و به گشتی شاره‌زایی له‌گه‌ڵ ته‌واوی بواره‌كانی هونه‌ردا هه‌بێت، تاكوو رێگای به‌ره‌و پێشچوون بۆخۆی خۆش بكات، تا كاتێك ده‌رهێنه‌ر تووشی ئه‌م سه‌ختیانه نه‌بێت ده‌رهێنه‌رێكی پێرفێشناڵی لێده‌رنایه‌ت.
به‌همه‌ن قوبادی سه‌باره‌ت به گرینگی ئیده له سینه‌مادا، گوتی: ئه‌زموونی من ده‌ڵێت به‌رهه‌مێكی سینه‌مایی كه به ته‌كنیكی پله دوو و سێ ساز بكرێت، بێتوو ئیده‌یه‌كی پله نایابی له پشت بێت ده‌توانێت ببێته به‌رهه‌مێكی هه‌رمان.
هه‌ڵگری خه‌ڵاتی كامێرای زێڕینی فیستیڤاڵی فیلمی كانی فه‌ره‌نسا له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: گه‌یاندنی ناوه‌رۆك یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین ئه‌ركه‌كانی فیلمه و ده‌رهێنه‌رێكی كورته فیلم ده‌بێت له ئه‌زموونه‌كانی سه‌ره‌تایی خۆیدا دیالۆگ كه‌م بكاته‌وه و خۆی به مانه‌وه خه‌ریك نه‌كات و به جیاتی ئه‌و به بواره گرینگه‌كانی دیكه، له‌وانه: به‌ستنی كادری كامێڕا، ریتم، جۆری كایه كردن به ئه‌كته‌ره‌كانی و رۆڵ بینینی ئه‌كته‌ره‌كان سه‌رنج بدات.
سینه‌ماكاری كورد به‌همه‌ن قوبادی له كۆتایی قسه‌كانیدا رووی كردنه ده‌رهێنه‌ر لاوه‌كان و گوتی: ئه‌گه‌ر ویستان كورته فیلمێك ساز بكه‌ن سێكانسێكی زیاد بنووسن و تیایدا كارێك بكه‌ن كه ته‌واوی ئه‌كته‌ره‌كانتان تیایدا رۆڵ ببینن، ئه‌م سێكانسه پێش له ته‌واوی سێكانسه‌كان وێنه بگرن و به به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كه ـ ئه‌گه‌ر بۆخۆتان به‌رهه‌مهێنه‌ر نه‌بوون ـ بڵێین ئه‌م سێكانسه بۆ ئێوه زۆر گرنگه و هه‌ڵبه‌ت له مونتاژدا ئه‌م سێكانسه ببرِن، له‌م تێسته‌دا بۆتان ده‌رده‌كه‌وێت كه كام یه‌ك له ئه‌كته‌ره‌كانتان بۆ ئه‌م كاره باشه و كامه‌یان به كه‌ڵكی فیلمه‌كه‌تان نایه.
جێی ئاماژه پێدانه شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی 100 چركه به ئامانجی ناساندنی به‌هره‌مه‌نده لاوه‌كان و كاراكردنی سینه‌مای 100 چركه و مه‌به‌ستی لایه‌نگری كردن له سینه‌ماگه‌رانی لاو و به دروشمی "سینه‌مای پرسیار"، به نمایش كردنی 66 فیلم له سینه‌ماكارانی سه‌رتاسه‌لاری ئێران و 7 وڵاتی بیانی، له به‌شه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌خۆبردوویی و فه‌رهه‌نگی له كۆمه‌ڵه‌ی سینه‌ماكانی ئازادی له شاری تاران به‌ڕێوه‌چوو.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه ساڵی پار سینه‌ماكاری لاوی كورد هیوا ئه‌مین نیژاد به كورته فیلمی كوردی "عكس دسته جمعی" واته "وێنه‌ی به‌كۆمه‌ڵ"، كه ماوه‌كه‌ی 40 چركه‌یه له به‌شی "ته‌نز"ی به‌شی كێبڕكێی سه‌ره‌كی كورته فیلمه‌كانی 100 چركه‌یی سینه‌مای ئێران، نمایش كرا و توانی دیپڵۆمای شانازی، ته‌ندیسی نوقره‌یی واته زێوی فیستیڤاڵ، خه‌ڵاتی نه‌قدی و هه‌روه‌ها نیشانی تایبه‌تی فیستیڤاڵی به‌ده‌ستبێنێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق