PNA- مه‌نسوور جیهانی/ ئه‌بووزه‌بی ـ كورته فیلمی كوردی "راو" له ده‌رهێنانی بێهرووز قوبادی، له چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی ئه‌بووزه‌بی له وڵاتی ئیمارات نمایشكرا. به پێی راپۆڕتی تایبه‌تی به‌شی هونه‌ریی ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێر له شاری ئه‌بووزه‌بی، كورته فیلمی كوردی "شكار" واته "راو" Hunt دوایین به‌رهه‌می سینه‌ماكاری لاوی كورد بێهرووز قوبادی، له به‌شی پێشبڕكێی كورته فیلمه‌كانی چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی ئه‌بووزه‌بی له شاری ئه‌بووزه‌بی له وڵاتی ئیمارات نمایشكرا.
كورته فیلمی "راو" به ئاماده‌بوونی بێهرووز قوبادی له دوو سانسی جیاوازدا له فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی ئه‌بووزه‌بی نمایشكرا، له‌وانه: كاتژمێر 10ی شه‌وی 19ی ئۆكتۆبه‌ر له هۆڵی ژماره 4ی "سینه‌ستار" Cinestar له ناوه‌ندی "میراماڵ" و هه‌روه‌ها كاتژمێر 7ی ئێوارێ رۆژی 21ی ئۆكتۆبه‌ر له هه‌مان شوێن بۆ بینه‌رانی هونه‌ری سینه‌ما نمایشكرا.
له دوای نمایشكردنی كورته فیلمی "راو" پێشكه‌شكاری به‌رنامه خاتوو "ئالیس" بانگهێشتی بێهرووز قوبادی كرد تاكوو له سه‌ر سه‌حنه‌ی هۆڵه‌كه ئاماده‌بێت و ئه‌م ده‌رهێنه كورده له سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا سه‌باره‌ت به ئیده‌ی سازكردنی ئه‌م فیلمه كه چیرۆكێكی كوردی هه‌یه، هاته ئاخاوتن و پاشان به وردی وڵامی كۆمه‌ڵێك پرسیاری ئاماده‌بووانی ناو هۆڵه‌كه‌ی دایه‌وه.
قوبادی له به‌شێكی قسه‌كانیدا باسی هه‌ندێك دابوونه‌ریتی كورده‌واری كرد كه بۆ سازكردنی فیلمه‌كه‌ی كه‌ڵكی لێوه‌رگرتوون و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه چیرۆكی فیلمه‌كه‌ی واقیعییه، له درێژه‌دا هه‌ندێك له سینه‌ماكارانی به‌شداربووی فیستیڤاڵ له‌سه‌ر كورته فیلمی كوردی "راو" قسه‌یان كرد و خاڵه به‌هێز و لاوازه‌كانی ئه‌م فیلمه‌یان خسته به‌ردیدی بینه‌ران.
كورته فیلمی "راو" ماوه‌كه‌ی 4 خوله‌كه، سیناریۆكه‌ی له لایه‌ن بێهرووز قوبادییه‌وه نووسراوه و ساڵی پار له لایه‌ن وێنه‌گری ناوداری سینه‌مای ئێران بایرام فه‌زلی وێنه‌گیراوه و چه‌ندین ئه‌كته‌ری كورد و فارس تیایدا رۆڵیان بینیوه.
به گشتی نزیكه‌ی 50 كورته فیلم له سینه‌ماكارانی سه‌رتاسه‌ری جیهان، له‌وانه: ئێران، ئیمارات، رۆمانیا، سوید، تونس، جه‌زائیر، ئینگلته‌را، میسر، فه‌ره‌نسا، به‌رازیل، پۆڵه‌ندا، فه‌له‌ستین، به‌لژیكا، بوڵگاریا، ئه‌ڵمانیا، نه‌رویژ، ئۆستراڵیا، رووسیا، به‌حره‌ین، ئه‌مه‌ریكا و ئیتاڵیا له به‌شی پێشبڕكێی كورته فیلمه‌كانی چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی ئه‌بووزه‌بی نمایشكران.
له میانه‌ی چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی ئه‌بووزه‌بیدا 172 فیلم له سینه‌ماكارانی 43 وڵاتی جیهان له چه‌ندین به‌شی جۆراوجۆر، له‌وانه: به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كی"، به‌شی "پێشبڕكێی فیلمه بڵنده دیكۆمێنتییه‌كان"، به‌شی "ئاسۆی نوێ"، به‌شی "پێشبڕكێی كورته فیلمه"، به‌شی "پێشبڕكێی ئیمارات"، به‌شی "چ شتێك به جیهانی ئێمه زیادكراوه؟"، به‌شی "ویترینی فیستیڤاڵ"، به‌شی "سینه‌مای كلاسیك" و هه‌وره‌ها به‌شی "نمایشی تایبه‌ت" له هۆڵی گه‌وره و رازاوه‌ی كۆشكی ئیمارات، هۆڵه‌كانی ئه‌بووزه‌بی تیئاتر و له سینه‌ماكانی ناوه‌ندی سینه‌مایی "مۆرینا ماڵ" له رۆژانی 14 تا 23ی ئۆكتۆبه‌ری 2010 له شاری ئه‌بووزه‌بی پێته‌ختی وڵاتی ئیمارات به‌ڕێوه‌چوو.
هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربوو له كورته فیلمی "راو" برتین له:
نووسه‌ری سیناریۆ: بێهرووز قوبادی
ده‌رهێنه‌ر: بێهرووز قوبادی
به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن: بایرام فه‌زلی
به‌رپرسی به‌رهه‌م: محه‌مه‌د عه‌بدی زاده
مونتاژ: مێهدی نادری و موجته‌با ئیسماعیل زاده
ده‌نگ: مێهدی نادری و موجته‌با ئیسماعیل زاده
ئه‌كته‌ره‌كان: كامیا مووسه‌وی، عه‌لی ئه‌كبه‌ر مه‌ده‌دی، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن كازێمی، سه‌عید حه‌یدره‌ی پوور و حه‌یده‌ر جه‌لالی
ماوه: 4 خوله‌ك
به‌رهه‌مهێنه‌ر: بێهرووز قوبادی
به‌رهه‌می: ساڵی 2009
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق