له ئێواره‌یه‌كی هونه‌ریدا فیلمێك و شانۆگه‌رییه‌كی هاوبه‌شه‌ی كوردی و هۆڵه‌ندی، له ئه‌مستردامی پایته‌ختی هۆڵه‌ندا نمایشكرا.به‌پێی راگه‌ینراوێكی یانه‌ی كوردی "میدیا" له وڵاتی هۆڵه‌ندا، رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان، له هۆڵی Badhuistheatrer له ئه‌مستردامی پایته‌ختی وڵاتی هۆڵه‌ندا، له چالاكییه‌كی هاوبه‌شی یانه‌ی كوردی "میدیا" و ئه‌نجومه‌نی گه‌نجانی كورد له هۆڵه‌ندا، له ئێواره‌یه‌كی تایبه‌تدا فیلمێك و شانۆگه‌رییه‌ك نمایشكران.
یه‌كه‌م به‌رهه‌م كه له‌م ئێواریه‌دا پێشكه‌ش كرا، نمایشكردنی فیلمی "دڵشاد" بوو له ده‌رهێنانی ئاكۆ سیرینی، كه ناوه‌رِۆكه‌كه‌ی باس له ژیانی لاوانی په‌ناهه‌نده ده‌كات، به‌هۆی پێنه‌دانی مافی په‌نابه‌ریێتی دووچاری دۆخێكی ده‌روونی ئاڵۆز و خراپ ده‌بن. ئه‌م فیلمه ماوه‌كه‌ی 35 خوله‌كه و تیایدا به‌شێكی زۆر كێشه و گرفته‌كانی لاوی كوردی له تاراوگه خسته‌رِوو.
دوای نمایشكردنی ئه‌م فیلمه، شانۆگه‌ری "سه‌یرانێك له گۆرِه‌پانی جه‌نگدا" له نووسینی نووسه‌ری ئیسپانی فرناندۆ ئه‌رباله‌یه و شانۆكار باكۆ سۆرانی كاری ده‌رهێنانی بۆ كردووه، تیایدا هه‌ریه‌ك له شانۆكارانی كورد و هۆڵه‌ندی رۆڵیان تێدا بینیووه.
ناوه‌رِۆكی ئه‌م شانۆگه‌رییه كوێره‌وه‌ری و نه‌هامه‌تییه‌كانی جه‌نگ ده‌گێرِێته‌وه، كه چۆن ژیانی مرۆڤ بێ به‌ها ده‌كات، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا ناتوانێت خۆشه‌ویستییه ئینسانییه‌كان و په‌یوه‌ندییه رووحییه‌كان بكوژێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق